خرید بک لینک

بایێ لە تەرەف قیبلەمەوە دێت و وەزانە،

یا بۆیی هەناسەی دەمی غونچەی لەرەزانە؟!

ئەشکم، کە لەگەڵ عەشقمە، تیفلێکی فەهیمە

هۆشم، کە لەگەڵ خۆشمە، پیرێکی نەزانە

تیژاوی سوروشکم وەکوو ئیکسیری سوهەیلە

ڕوخسارەیی زەردم وەکوو ئەوراقی خەزانە

شێخم! وەرە دەر! فەسڵی بەهار و گوڵ و گەشتە

ئەییامی لە گەرمابە خزان وەقتی خەزانە!

ئەو شێخە بە کوم مەگرە کە پەشمینە مەریدە

ئەو ڕیشە بەسەر دارەوە ڕیسێکی بوزانە

بەحری غەزەلم پڕ لە دوڕ و گەوهەرە، ئەمما

غەوواسی دەوێ یەعنی بە تەعمیقی بزانە

پڕدانەیە، ئەمما نەوەکوو دانەیی چەڵتووک

بەحرم وتووە، نەک وەکوو گۆلی مەرەزانە

حوسنی نەزەرە ئەسڵی نەزەر حوسنی بە عیسمەت

سۆفی کە دەکا تەرکی، بە ئینسانی مەزانە

ئەو گەوهەرە نوکتە کە لە نالیی دەدزن خەڵق

ئاوی نییە، وەک ئاگری بێشەوقی دزانە

حەزرەتی نالی

تێبینی و وردبینی مامۆستا مەسعوود محەممەد:

غەزەلێکی نالی و تێبینییەکی مەسعوود محەممەد

بەحری غەزەلم پڕ دوڕ و گەوهەرە ئەمما

غەوواصی دەوێ یەعنی بە تەعمیقی بزانە
پڕ دانەیە ئەمما نە وەکوو دانەیی چەڵتووک
بەحرم وتووە نەک وەکوو گۆلی مەرەزانە


تەنانەت لە وشەی «بەحری غەزەل»ـدا دانە گەوهەرێکی واتای داناوە کە ئەگەر بۆی قووڵ نەبینەوە دەستمانی ناگاتێ. ئەم «بەحر»ە کە لەتەک «گۆلی مەرەزە»دا دابنرێت دەبێتە «دەریا» لە ڕووی قووڵی خۆی و تەنکی گۆلە مەرەزەوە، کە ئیزافە وەلای«غزل»یش بکرێت دەبێتە «بەحری عروض». سەیریش لەوەدایە کە بەیتەکان بەدوا بەیتێکی تردا دێن ئەویش لەلای خۆیەوە هێزێکی زیادیان پێ دەدا. پێشتر نالی گوتوەتی:

لەو شێخە بە کەم مەگرە کە شێخە نە مریدە

ئەم ڕیشە بە سەردار و ڕەئیسێکی بزانە

وشە «بزانە» لە کۆتایی بەیتەکەدا بە ڕواڵەت واتای «إعلم»ی عەرەبی دەبەخشێ، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەم واتایە فڕی بەسەر ناوەرۆک و مەبەستی بەیتەکەوە نییە چونکە نالی دەیەوێ هەجووی شێخەکە بکات نەک پێیدا هەڵ بڵێ. وشەی «بزان» جەمعی وشەی «بز»ی فارسیە بە واتای «بزن»، بەو پێیە بەیتەکە دەبێتە «ئەم ڕیشە بە سەردار و ڕەئیسێکی بزنانە» کە دەزانین بزنیش ڕیشی درێژە. کەواتە نالی حەقیەتی گورج پێمان بڵێ «بەحری غەزەلم...» هتاد چونکە تازە وشەی «بزان»ی کردۆتە گەوهەر و خستۆتیە بەحری غەزەلەوە. ئێمە کە چاومان ئەم وردەکارییە نەبینێ خەتای چاومانە و لەبەر بێباکی وەیا درشتبینی خۆمانە لەوەشدا چ حەقێکمان بە دەستەوە نەماوە چونکە نالی ڕێی هەموو گلەیێکی لێ بڕیوینەوە.

لاپەڕەی 194

سەرچاوە: چەپکێک لە گوڵزاری نالی، مەسعوود محەممەد، کەرەج، مانگ: زستانی 1396.

#کتێب_کوردی

#مەسعوود_محەممەد

#نالی

#انتشارات_مانگ_کرج

#قسەی_نەستەق

#ڤەژینبووکس

#مهدی_سیّدی_هۆژان

#mamosta.net

برچسب: نویسنده: آریا رحمانی تاريخ: سه شنبه 6 مرداد 1405 ساعت: 10:25

صفحه بندی