مدیری ماڵ «میرزا مارف» بووە ڕۆژێک لە ئاخری مانگا لیستەی ئەو مانگەی دایەرە بەم جۆرەی خوارەوە ئەنووسێ و ئەیبا بۆ قائیمقام ئیمزای بکا و بینێرن بۆ سلێمانی:
لەوازمی نووسین ٢٠٠ ڕوپیە.
سووتەمەنی ١٠٠ ڕوپیە.
تەعمیرات ١٠٠٠ ڕوپیە.
مەعاشی ئەهلی دایەرە ٢٠٠٠ ڕوپیە.
جەمعی کول ٣٣٠٠ ڕوپیە.
قاییمقام سەیرێکیان ئەکا و ئەڵێ:
لەوازمی نووسین تەواوە ٢٠٠ ڕوپیە،
سووتەمەنی تەواوە ١٠٠ ڕوپیە،
تەعمیرات تەواوە ١٠٠٠ ڕوپیە.
مەعاشی ئەهلی دایەرە تەواوە ٢٠٠٠ ڕوپیە.
ئەمجا چاوی ئەکەوێ بە جەمعی کول - ٣٣٠٠ ڕوپیە –
تووڕە ئەبێ و ئاگری تێبەر ئەبێ و ئەڵێ:
ئەم جەمعی کولە سەگبابە کێیە کە هەر مانگێک ئەوەندە پارە لەم دایەرە وەرئەگرێ؟ و من تا ئێستە ڕێنەکەوتووە جارێک بەرچاوم بکەوێ؟
ئەمجا کاتبی تەحریر بانگ ئەکا و ئەڵێ:
لە ئێستە زووتر نییە ئەم جەمعە کولە سەگبابە فنیش کە و ئیتر پووڵێکی تری مەدەنێ. وەرەقەی فنیشەکەیم بۆ بێنە ئیمزای کەم!
#کتێب_کوردی
#عەلائەددین_سەججادی
#ڕشتەی_مرواری
#قسەی_نەستەق
#ڤەژینبووکس
#مهدی_سیّدی_هۆژان
برچسب:
نویسنده: آریا رحمانی