سپاسنامە و چەن هاوپێچێک

ساخت وبلاگ

سپاسنامە و چەن هاوپێچێک

کاتێ بۆ هاتنە دونیا نۆبەمان دێت و خۆشحاڵین بەوەی کە ژیانیان پێبەخشیوین، ئیتر کاتێ نۆبەی چوونەدەرەوە لە دونیاش دێت نابێت زویر و دڵگیر و دڵگران بین. مەرگ بەشێکە لە ژیان و تەواوکەری ژیانە نەوەکوو وێرانکەری ژیان.

لە پۆستی پێشوو باسی ئەو پوورەنزیکەم کرد کە نۆبەی هات و ماڵئاوایی لە ژیان و ژیانی دونیا کرد. خەییام گوتەنی:

در طبع جهان اگر وفایی بودی

نوبت بتو خود نیامدی از دگران

لێرەدا پێویستە منیش بە نۆبەی خۆم سپاس و پێزانینی خۆم بۆ سەرجەم ئەو کەسانە دەرببڕم کە هەر کەسەو بە پێی شان و لوانی خۆی لەم کۆڕی ماتەمینەی ئێمە- ئەم پوورێمە، خوشکی گەورەی باوکم بوو، بەشدار بوون بە تایبەت ئەو قوتابییانە و ئەو هاوکارانەی لە ڕێگەی فەزای مەجازییەوە هاوخەمیی پیرۆزی خۆیان دەربڕی بوو.

هەر کات دەچمە کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی لە مزگەوتەکان، بە تاسەوە پێم خۆشە گوێبیستی ئەو باسانە و ئەو وتارانە بم کە لە لایەن مامۆستا ئایینییەکانەوە پیشکەش دەکرێ:

یەکەم: مزگەتی حەزرەتی ئیبراهیم لە نەشمیلان ی سەقز

مامۆستا لە کاتی تەواوبونی پرسەکە و لە کۆتایی ئەم ڕێوڕسمە باسی ڕەحم و دڵسۆزی دەکرد و بە خوێندنەوەی حەدیسێکی پێغەمبەر- درودی خوای لە سەر بێ- شیکردنەوەی بۆ کرد.

الراحمون يرحمهم الرحمن، ارحموا من في الأرض يرحمكم من في السماء( سنن ترمذی حدیث ش. 1924)

پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە پاش تەواوبوونی ڕێوڕەسمی ماتەمین، لە لایەن کوڕان و خوشکەزاکان و برازاکان و نەوەکانی ئەم خاتوونە خوالێخۆشبووە، هێندەی کە کرا و دەرفەت بوو مزگەوت خاوێن و کەلوپەلیش کۆ کرایەوە. خۆ بڕیاری هەمیشەیی نییە تەنیا ژاپۆنییەکان لە پاش تەواوبوونی یارییەکان لە ناو یاریگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببین. دەکرێ و دەتوانین و دەبێ پێویستمان بەوان نەبێت. مەحموود دەوڵت ئابادی گوتەنی:( ما نیز مردمی هستیم).

دووهەم: مزگەوتی بەهەشت لە ئاوایی قەبەغڵووی نێوان سەقز و بانە کە مامۆستا بە خوێندنەوەی چەن ئایەتێک لە سووڕەتی قەڵەم باسی ئەو کەسانەی دەکرد کە دووزمانی دەکەن و نێوانی خەڵک دەشێوێنن بە هێنان و بردنی قسە، ئاگری فیتنە و دووبەرەکی هەڵدەگرسێنن.

هَمَّازٍ مَشَّاءٍ بِنَمِيمٍ( قلم، 11) ( از کسی که) عيبجوست و براى خبرچينى گام برمى دارد( فرمان مبر و دوری کن) ( گوێ مەدە بەو کەسەی) هەر تانە لە خەڵک دەدا و قسە بۆ ئەم و ئەو دەبا. ( وەرگێڕانی هەژار)

لە بەر دەرگای مزگەوتی بەهەشت- مزگەوتێکی تازە سازکراوی گەورەی خاوێنی پڕ لە حەشیمەت، پیرەمێردێک بە گۆچان و بە شەدە و جلوبەرگی کوردییەوە بە هێواشی بۆ چوونەژوورەوەی بەهەشت هەنگاوی هەڵدەهێنا.

پێش هاتنی مامۆستا و دەسپێکردنی وتاربێژی بەڕێزیان، پیاوێکی بەساڵاچوو سەڵای کرد. هەم دەنگێکی یەکجار خۆشی بوو هەم ئەو چەن شێعرە کوردییەکەی کە خوێندی، لەبەردڵان بوون.

چەن چرکەیەک لەو دەنگە و وێنەی مزگەوتەکان دەکەمە هاوپێچی ئەم سپاسنامەیەی خۆم.

خوا ئێوە و خۆشەویستەکانتان خۆش کات و بە سەربەرزی بژین.

ژیانتان پڕ لە بەزەیی و دڵڕەحمی

زمانمان خاڵی لە نەممامی و نەمیمی.

هاوپێچ= ضمیمه

درۆیه‌کی پیرۆز...
ما را در سایت درۆیه‌کی پیرۆز دنبال می کنید

برچسب : نویسنده : hozhan بازدید : 54 تاريخ : يکشنبه 15 مرداد 1402 ساعت: 15:20