یادێک لە مەلا ئەسعەدی ڕیازی

ساخت وبلاگ

یادێک لە مەلا ئەسعەدی ڕیازی

دوێنێ لە لاپەڕەی تەرحیم سەقز چاوم بە هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەدی ڕیازی کەوت. بەڕێزیان چەندین ساڵە دانیشتوو و مامۆستای مەزگەوتی گوڵ تەپەی سەقز بوون. هەر کە فامیلی ڕیازی دەبیستم دەکەومە بیری یادداشتێک لە سەر کەسایەتی باوکی ئەم مامۆستایە ئەویش مەلا ئەسعەدی ڕیازییە. وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مامۆستا ڕیازی و تەواوی کەسوکارەکانی لە ئاوایی گوڵ تەپە و سۆڵاوا و بۆڕیدەر، لێرەدا ئەو وتووێژەی مەلائەسعەد و سەرهەنگێک لە ساڵانێکی دوور و لە ئاوایی پایگەلان لێرەدا دەنووسمەوە و دەیخوێنینەوە. هەڵسوکەتی سەرهەنگ شایانی بیرکردنەیەوە:

" مامۆستا مەلا ئەسعەدی ڕیازی لە زنجیرەی مەردوخییەکانە. لە دێی بۆڕیەر لە دایک بووە. پاشان چووەتە پایگەلان تەدریسی کردووە لە لای ئەسعەد ئەفەندی دەرسی خوێندوووە. ڕیازی و هەیئەتی لە لای حیکمەت ئەفەندی خوێندووە زۆر بە عیززەت ژیاوە. شتی زۆر لەو پایە بەرزە دەگێڕنەوە. بۆ نموونە لە کاتێکا لە پایگەلان بووە یەکێک لە سەرلەشکرەکان دەچێتە پایگەلان و فەرمان دەدرێ هەموو لە مزگەوت کۆ بنەوە تا سەرهەنگ قسەیان بۆ بکا.

سەرهەنگ پێش ڕۆیشتنی مزگەوت ئەپرسێ هەموو هاتوون؟

ئەڵێن تەنیا مامۆستا نەهاتووە.

ئەڵێ بۆ چی؟

ئەڵێن وتویە من ئیشم بەو نییە ئەگەر ئەو ئیشی هەیە بێ بۆ لای من.

ئەڵێ بچن بیهێننە ئەگرە یانی دیوەخان.

بە پێی فەرموودەی کاک مەنسووری شاوەیسی ئەم فەرماندەیە سەرهەنگ نەسڕوڵڵاهی بووە.

ڕەئیسی پاسگا ئەچێ و هەرچی هاوار ئەکا مامۆستا ناڕوا.

ڕەئیسی پاسگا جاری ئاخر ئەڵێ: مامۆستا ئەگەر نچیتە لای سەرهەنگ من دەر ئەکەن.

مامۆستا ئەڵێ کە وایە دێم.

مامۆستا دەچێتە دیوەخان سڵام دەکا و سەرهەنگ نە جوابی دەداتەوە و نە لە بەری هەڵدەستێ.

مامۆستا دەچێتە لای سەری دۆشەکەکەی سەرهەنگەوە دادەنیشێ و سەرهەنگ ڕاکشاوە.

ئەپرسێ ناو و شوهرەت؟

ئەفەرموێ ئەسعەدی ڕیازی.

سەرهەنگ قاقا پێدەکەنێ، تۆ دەزانی ڕیازی چییە؟

مامۆستا دەفەرموێ من ئوستادی ڕیازیم.

سەرهەنگ ئەڵێ ئەگەر وەڵامی سێ پرسیاری ڕیازیم بدەیەوە، بەڵێن ئەدەم دەبمە نۆکەری کورد.

مامۆستا ئەڵێ: پرسیارەکانت بکە.

سەرهەنگ یەکەم پرسیار ئەکا، مامۆستا وەڵام ئەداتەوە. سەرهەنگ تۆزێ خۆی کۆ دەکاتەوە.

پرسیاری دووهەم، هەڵدەستێ بە چۆکدا دێت.

پاش وەڵامی پرسیاری سێهەم سەرهەنگ هەڵدەستێ دەستی ماچ دەکات و لە بەرانبەرییەوە بە پێوە دەوەستێ و ئەڵێ: خەڵکەکە بچنەوە ماڵی خۆیان.

پلە و پایەی چاکەوە و هەرچی ئەکات مامۆستا ڕازی نابێ. ئەیەوێ پارەی بداتێ، لێی وەرناگرێ.

سەرهەنگ ئەگەڕێتەوە لە کاتێکا لە سنە دەردەچێ نامەیەک بۆ مامۆستا دەنووسێ من تا تۆم نەدیبوو کوردم بە وەحشی دەزانی کە تۆم دی هەتا ماوم نۆکەری کوردم و دووسەد تمەنی ئەو سەردەمە دەخاتە پاکەتەکەوە بۆ مامۆستا.

ئەم پایەبەرزە ساڵی 1370 کۆچی مانگی لە دنیا دەرچوو.

(یادداشتی خوالێخۆشبوو شێخ مەحەممەدی مازیبن).

وەرگیراو لە کتێبی دیوانی مەلا حەسەنی دزڵی مەرددوخی، کۆکردنەوە و لێکدانەوە: ئەحمەد نەزیری، سنە، 1379

لاپەڕەکانی67- 68

درۆیه‌کی پیرۆز...
ما را در سایت درۆیه‌کی پیرۆز دنبال می کنید

برچسب : نویسنده : hozhan بازدید : 56 تاريخ : جمعه 20 مرداد 1402 ساعت: 23:45