كۆمێنتەكانت خودی خۆتیت!

ساخت وبلاگ

كۆمێنتەكانت خودی خۆتیت!

ڕێبوار سیوەیلی

5/8/2023

  1. ئەوەی پێیدەگوترێت فەلسەفەی مۆدێرن، بەم دێڕەی دیكارت دەست پێدەكات: (من بیر دەكەمەوە، كەواتە هەم). لێرەدا یەكێك لە لێكدانەوە سادەكان بۆ ئەم دەربڕینە ئەوەیە بگوترێ بیركردنەوە كراوەتە پێش مەرجی بوون، واتە بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت هەیت، پێویستە سەرەتا بیر بكەیتەوە. ئەگەر بمانەوێت لە دنیای ئێمەدا سوود لەم دەربڕینە وەربگرین: دەتوانین بڵێین: من كۆمێنت دەكەم، كەواتە هەم!
  2. هەموومان كۆمێنت دەكەین. كۆمێنت بۆتە نان و ئاوی ئێمە، كۆمێنتكردن ساتەوەختێكی هەمیشە ئامادەی بوونی ئێمەیە. مووچە بێت و نەیەت، گیرفانمان بەتاڵ و پڕ بێت، لەگەڵ خۆشەویست و هاوسەر و هاوڕێكانمان تەبا و ناتەبا بین. ڕۆژی پازدە حەب بخۆین، یان دوو، گورچیلەمان سست بووبێت و لەسەر جێی نەشتەرگەری كەوتبین، هەرێم پلانی دوژمنانی لەسەر بێت یان وشەكەساڵی و پەتا وڵاتەكەی گرتبێتەوە، ئێمە لە كۆمێنتكردن ناكەوین. كۆمێنتكردن بۆتە پەتایەكی بەربڵاو، لە سوبای ساڵحانەوە تا شەوبێداری عاریفان لە كۆمێنتكردن ناوەستین.
  3. مەرج نییە كۆمێنتەكان هەر تەنیا دەقی نووسراوبن. هاهاها. دڵ، قاقا و نیشانەی سەرسووڕمان، چەپكەگوڵ، تا دەگاتە تاگكردنی ناوی كەسان و لە ئامێزگرتنیش (كە پێشتر قسەم لەبارەوە كردوون كەچۆن بە هەڵە بەكاریان دەهێنین)؛ بە كۆمێنت دادەنرێن. كۆمێنت جۆری پەرچەكردای ئێمەیە لەبارەی شتێك، یان بابەتێكەوە، كە ڕەنگە هیچ پەیوەندیی بە ئێمەوە نەبێت. لێرەشدا تەنیا بیر لەو كۆمێنتانە ناكەمەوە، كە بۆ یەكترییان دەنووسین، بەڵكە زیاتر ئەو كۆمێنتانەم بیرە كە لە پەیجی كەناڵ و ڕاگەیاندنەكان دەنووسرێن. بۆ ئەوەی خۆمانمان بۆ دەركەوێت، جاروبار تەماشایەكی ئەو كۆمێنتانە بكرێت زۆر شتمان بۆ ڕووندەبێتەوە.
  4. كەواتە كۆمێنتەكان خۆمانین. كەسیتر نییە، بەڵكو خودی خۆمانین. خۆمان، ئەو كەسە ڕێزدارەی لە كۆمەڵگەدایە، مامۆستایە، مێردە، ژنە، كاسبكارە، ڕۆشنبیرە، شاعیرە، فەیلەسووفە، ئەكادیمییە، دوكتۆرە، هەر شتێك بەخۆمان دەڵێین ئەوەین كە كۆمێنت دەنووسین، كۆمێنت دەنێرین و كۆمێنت دەكەینە ماڵ بەسەر خۆمانەوە.
  5. بەڵام ئایا هەرگیز لە دوای نووسینی كۆمێنتەكانمان دەچینەوە سەریان؟ هەرگیز بۆ هاوسەر و منداڵ و ئازیزانی خۆمانیان دەخوێنینەوە، هەرگیز دەمانەوێت لە سەر شەقام و چاخانە و لە دەوام و كوێ كوێ، كۆمێنتەكانی خۆمانمان بۆ بخوێندرێتەوە؟ لەوەش گرنگتر: ئایا هەرگیز خۆمان دەخەینە شوێنی ئەو كەسەی كۆمێنتمان لەسەر نووسیوە؟ هەرگیز كەسانی ئازیزیی خۆمانیان دەخەینە بری و بیردەكەینەوە لەوەی ئەگەر كەسانێك كۆمێنتی وەكئەوەی ئێمە لەسە دایك و خوشك و كەسوكاری ئێمە بنووسێت، چ هەستێكمان بۆ درووست دەبێت؟ ئەگەر ئەم كارە ناكەین، كەواتە كۆمێنت دەتوانێـت بوونی ئێمە بخاتە مەترسییەوە. بگرە ئەگەر كۆمێنت بكەین بۆ ئەوەی بیسەلمێنین هەین، ئەوە بوونی ئێمە بە هۆی ئەم كۆمێنتانەوە نەك هەر سەلماندێكی نەرینی دەبێت، بەڵكو دەبێتە بوونێكی مەترسیدار.
  6. هیچ كەسێك ناتوانێت لە بری خودی ئێمە كۆمێنت بەناوی ئێمەوە بنووسێت. ئەوە خودی خۆمانین وەكئەوەی هەین، كۆمێنت دەنووسین و لەو كارەشدا جگە لە خودی خۆمان كەسیتر بەپرسیار نابێت. تۆ كە كۆمێنت دەنووسیت لەسەر خۆت حسابیت، كۆمێنتەكە خودی خۆتیت، ویستی خۆتە، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی كەسایەتی خۆتە.
  7. ئەگەر مرۆڤ بۆ ساتێك هەڵوێستە لەسەر بوونی خۆی بكات، ئەگەر ئەو كاتەی كۆمێنت دەنووسێت، خۆی بخاتە جێگەی ئەو كەسەی كۆمێنتی بۆ دەنووسێت، یان قاقایەكی بۆ لێدەدات، یانژی هەر پەرچەكردارێكی دیكە، بۆ هەمیشە لە كۆمێنت نووسین دەكەوت. هیچكەس لەو جیهانەدا نییە بەلایەوە خۆش بێت گاڵتە و سووكایەتی پێ بكرێت، یان تۆمەت و تانەی بدرێتە پاڵ. یاسا ئاكارییەكەی كانت لێرەشدا جێی سەرنجە: بەو جۆرە ڕەفتار بكە، كە دەتەوێت ڕەفتارت لەگەڵ بكرێت. بەو جۆرە ڕەفتار بكە، كە بتەوێت ڕەفتارەكەت ببێتە یاسایەكی گشتی.
  8. كۆمێنتنووسین لە جیهانی ئێمەدا بۆتە ڕاكردن لە خودی خۆمان و بەستنی دەمامكی خودێكی ساختە. لە هەركاممان بپرسیت ئەوەتۆ بوویت كۆمێنتت بۆ ئەوكەسە نووسیبوو، كە نە دەیناسیت، نە هیچ بەڵگەیەكت لەسەری هەیە، نە پەیوەندیی بەتۆوە هەیە، نە هیچ شتێكی لە دژت كردووە؛ یەكسەر ڕەتیدەكەینەوە. ئینكاری دەكەین و ڕادەكەین لەوەی كردوومانە. كۆمێنت خودی خۆمانە لە كاتی هەڵاتن و بەستنی ماسكێكی ساختە كە خۆمان نین، خودی خۆمان لە ژێر ئەو ماسكەوە شاردۆتەوە و وا دەزانین كەس نامان بینێت. وا دەزانین دراوسێ، كەسوكار، منداڵەكان و قوتابییەكانمان كۆمێنتەكەی ئێمەیان نەبینیوە. وا دەزانین لەلای هاوسەر و منداڵ و قوتابیی و هاوڕێكانمان سووك نەبووین و كەسایەتیمان نەشكاوە. بەڵام كۆمێنتەكان لە جیاتی ئێمە قسەی خۆیان دەكەن، لەبری خۆمان وێنەیەكی كۆمەڵایەتییان بۆ دروستكردووین، وێنە ڕاستەقینەكەیان شێواندووین و وێنەیەكی لە ئاست و مستەوای كۆمێنتەكانمان لە مێشكی كەسانیتردا بۆ دروستكردوین بە جۆرێ كە خۆمان وا دەزانین هەر ئەوەین كە چاوەڕێ دەكەین، نازانین چیتر ئەوە نەماوین كە هەبووین.
  9. كۆمێنتنووسین پارادۆكسێك (ناكۆكێك)ـە لە ژیانی هەر كامێكماندا: كۆمێنت دەنووسین بۆ ئەوەی بیسەلمێنن هەین، بەڵام لە هەمان كاتیشدا كۆمێنت نووسین ڕاكردنە لەوەی كە هەین و بوونە بەوەی كە ناماونەوێت. لە ڕاستیدا (من كۆمێنت دەكەم، كەواتە هەم)نییە، بەڵكو (من كۆمێنت دەكەم، تا لەدەست خۆم ڕاكەم)ـە. ئێمە لە ڕێگەی كۆمێنتەكانمانەوە تووشی ماراسۆنی ڕاكردن لە خودی خۆمان بووین، بەشداریی لە هەڵاتنێكی هەمیشەییدا دەكەین، تا لە حەشامات و ڕانەكە دوا نەكەوین: هەمووان كۆمێنت دەكەن، با منیش بیكەم، هەمووان سووكایەتی بە هەمووان دەكەن، با منیش سووكایەتی بە هەمووان بكەم. بیرمان دەچێتەوەی ئەمە ڕاكردنە لە خودە كۆمەڵایەتییە ئەخلاقییەكەی خۆمان و سووكایەتیكردنیشە بە خودی خۆمان. كێشەی هەرە سەرەكی سەردەمەكە دژی ئەوەیە خودی خۆمان بین، خودی خۆمان وەكئەوەی هەین قەبووڵ بكەین، بۆیە دەبێت بەردەوام ئەو ماسكانە بپۆشین، ئەو كۆمێنتانە بنووسین كە گوزارش لە شتێك دەكات كە لەدەرەوەی ئەم خودە كە نایەوێت خۆی بێت. گەورەترین كێشەی ئێمە ئەوەیە كە خودی ڕاستەقینەی خۆمان ناناسین، لێی دابڕاوین، ئامادەش نین لەگەڵی ئاشتبینەوە بۆیە وەك سەرگەردانێك بەناو سەحرای كۆمێنت نووسیندا ئاوارەو وێڵ بووین.
  10. بۆ ئەوەی ئەمەت بۆ ڕوون بێتەوە، یەكجار بچۆرەوە سەر ئەو كۆمێنتەی كەلەسەر كەسانێك كردووتە، كە نە دەیناسیت، نە هاوشاریتە، نەشتێكی بەرامبەرت كردووە، نە پەیوەندیی بە تۆوە هەیە و.. سەرنجی ئەوەش بدە بزانە دوای تۆ چەندیتر، چەند مرۆڤی دیكەی وەك خۆت هەمان كاری وەكتۆیان كردووەو هاتوونەتە نێو قوڕاوەكەوە، ئەوسا بۆت دەردەكەوێت چیتكردووە و چۆن بوویتە ئەوەی كە لە دەستی ڕادەكەیت. چۆنە بەشداربوویت لە تێكدانی ژیان و میزاجی كەسانی وەك خۆتدا، كە لە هەمان ئەم كۆمەڵگەیەدا بە هەمان شەقی سیاسی و ئابووریی و ئیداری تێیانهەڵدراوە.
  11. كێشەی من ئەوە نییە باسی فەلسەفیی قوورس بكەم، گرنگە كێشە قوورسەكان بەشێوەیەكی ڕوون و سادە بخەمەوە بەرباس.. ئەمەش كێشە فەلسەفییەكەی منە.

لەگەڵ خۆشەویستیم بۆ گشت هاوڕێیان و ئازێزان..

https://www.facebook.com/rebwar.siwayli

درۆیه‌کی پیرۆز...
ما را در سایت درۆیه‌کی پیرۆز دنبال می کنید

برچسب : نویسنده : hozhan بازدید : 48 تاريخ : جمعه 20 مرداد 1402 ساعت: 23:45