تۆقی عەزازیل

ساخت وبلاگ

تۆقی عەزازیل

سەید قادر هیدایەتی

1

من سەگی بەرپێی ئەو زاتە حەدی ئەوەم نییە ئەم بەسەرهاتە بگێڕمەوە. گێڕانەوەی بەسەرهات و ژیننامەی بنەماڵەی ئەو مشایخە" ڕۆح و گیانم بە فیدایان" بۆ منی ئۆمیی بێسەروزمانی خاکەساری ڕووڕەشی بێپەنا و پشتیوان نابێ. من نابێ پێ لە بەڕەی خۆم زیاتر ڕاکێشم و نابێ تاوانی قورسی گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەو بنەماڵەیە بێنمە ئەستۆی خۆم. لەبەر پیرۆزی و گەورەیی حەزرەتی خاوەنشکۆگەورە و پێشەوای ئەولیا، بەروبۆی دڵی مشایەخ، جگەرگۆشەی حەزرەتی غەوس، پێشەوای عارفانی عەوداڵ، سەرباشقەی دەروێشانی نێودار، مەلەوانی بەحری حەقیقەت، ڕووناکیی ڕێبازی حەمدوونی، کۆڵەکەی دین و ئایین، سەروەرم حەزرەتی شێخ باپیر، کوڕی شێخ زورار کوڕی شێخ مەزیدی کوردی کوڕی ئەبووعەلی کوردی لە تۆرەمەی شێ حەمدوونی گەورە " بە سەدەقەی سەریان بم" کەس زاتی نییە باسیان بکا یان بە ڕابردوویاندا بگەڕێتەوە. تەنانەت کەس ناوێرێ قامکی بەرەو بەرزەجێ و مەزنەماڵێکی وەک تەکیەی حەزرەتی شێ حەمدوون "خودا شەڕەف و شکۆی هەر پایەدار و بەردەوام بکا" ڕادێرێ و بڵێ ئەو تەکیەیە هەر لەسەر ئەو قەڵافەت و شێوازەی وەستاخەسرەو داینابوو، وەک خۆی ماوەتەوە.

کێ زاتی ئەوەی هەیە ئەوەندە لەو بارەگا نوورانییە بکۆڵێتەوە و بڵی ئەو نما و ڕواڵەتەی ئێستا هەیەتی، دەسکاری وەستا خەسرەوە. کێ دەتوانێ بە بنج و بناوانی ئەو باسەدا بڕواتە خوارێ و بڵێ وەستا خەڵکی شاری کرماشان بوو. لە دانانەوە و چاککردنەوەی مزگەوت و دووکان و بازاڕە کۆنەکان لەسەر شێوازی پێشووی خۆیان پسپۆڕ و لێهاتوو بوو. ئەو ڕۆژگاری بەدەم پینە و پەڕۆی نمای قەیسەری و مزگەوت و حەمامەکۆنەکانەوە تێپەڕ دەکرد. من ناوێرم ئەو سوڕ و نهێنییە ئاشکرا بکەم کە لەمێژ بوو دڵی ئاوێنەئاسای سەروەرم حەزرەتی شێخ باپیر" بەقوربانی دڵی بێگەردی بم"، لە بۆسەی وەستایەکی وەک وەستا خەسرەودا بوو.

بە هۆی ئەوەی کەس حەدی ئەوەی نییە بەرەو سەرچاوەی خۆشەویستی و مەزنەماڵێکی وەک تەکیەی حەزرەتی شێ حەمدوون قامک ڕادێرێ. کەسیش بۆی نییە کاری بە سەر ئەو ڕووداوەوە بێ و بڵێ ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سای هەناسەی هەموو مەشایەخ و تیرێژی چاوی ئەستێرەی گەشی دڵبێداران، گڵۆپی دیوی خاوەن دڵان حەزرەتی شێخ باپیرەوە لە پڕێکدا خشتێکی گومبەزی قەیسەریی نێوبازاڕی کرماشان بەربۆوە. بەدوای ئەویش دا بیست سی خشتی دیکەش بەربوونەوە. بە ئیرادەی خودا و ئاماژەی خۆرئاسای ئەولیا بازاڕ بەسەر یەکدا شێوا و لە دوای ئەو ڕووداوەدا کەس نەیوێرا ڕوو لەوێ بکاتەوە و قەیسەری تەختە کرا.

کێ زاتی ئەوەی هەیە و کێ ئەوەندە بوێرە لە ئاستی ئەو نهێنییە خوداییە زمانی بگەڕێ و بڵێ بازاڕییەکان بە هێمای غەیبیی باو و باپیرانی ڕێبەڕی ڕێگەی تەریقەتی حەمدوونی، وەستا خەسرەویان بردە بازاڕەکە.

تەختە و داربەستیان بۆ هەڵبەست و وەستا ڕۆیشتە سەرێ. بە لوتف و گەورەیی و ودمی هەموو مشایەخەوە وەختێک وەستا خەسرەو لەوسەرەوە چاوی بەو هەموو سەرە کەوت کە بەرەو ئەو ڕوویان لە حەوا کردووە و لە مەودای پێنج شەش میترییەوە چاویان تێبڕیوە، قورپەیەک کەوتە دڵیەوە. نێوی خودا و ئیمامی عەلی هێنا و دەستی پێکرد. بە وردبینی و لێهاتووییەکی وەستایانەوە خشتی یەکەمی وەرگرت و لە جێگای خۆی دایناوە و بە چەکوشە جیرەکەی قایم و توندوتۆڵی کرد. هەموو سەرەکان یەک بە خۆیان سڵاواتێکی بەرزیان بۆ دیداری فەخری عالەم نارد. خشتی سێهەمی وەرگرت و هات لە جێگەی خۆی داینێتەوە. بە ئیرادەی خوا و لە سای هەناسەی مشایەخەوە کوتوپڕ مەچەکی دەستی وا وەخوروو کەوت کە نەیتوانی- لەو کاتەدا کە ئاخر خشتی بە دەستەوە بوو- ئەو خشتە دانێ و دەستی نەخورێنێ و کارەکەی تەواو بکا. دەستی برد دەسکێشەکەی داماڵێ هەتا دەستی بخورێنێ، خشتەکە لە دەستی ترازا. سەرەکان لە ترسان بەرەو دواوە هورووژمیان برد و شەپۆلێکی کوت وپڕیان تێکەوت و بە پاڵەپستێ بەسەر یەکدا کەوتن. بە گەورەیی خودا، خشتەکە لە لێواری تەختەکەی ژێر پێی درا و بوو بە دوو لەتەوە. لەتێکیان ڕاست کەوتە خوارێ و لە سای ودمی مشایەخەوە لە کەس نەدرا. بەڵام ئەوی دیکەیان بە تیژی پەڕی و زۆر لەولاترەوە لە سەرێک درا و تخێڵی عەرزی کرد. هەرا هەرای کوشتی کوشتی وەستا خەسرەوی تۆقاند. بە پەشۆکاوی و ترس و لەرزەوە هاتە خوارێ.

خەڵکێکی زۆر دەوری سەرەکەیاندا و وەستا لە ترسان نەیدەزانی چ بکا. لە پڕێکدا لە نێو ئەو هەرا و هوریایەدا سڵاوات بۆ بنەماڵەی فەخری عالەم بن میچی قەیسەریی لەرزاندەوە. بە ودمی فووی کەس نەبینی ئەولیای مەزنەوە، سەرەکە هەستاوە سەر پێ. سەرەکان سەریان هەڵێنا و ڕووناکاییەک لە بن میچەکەوە- بە ئەندازەی دەلاقەیەک –زراوی بردن.

هەموو چاوەڕوانی ئەوە بوون وەستا بڕواتەوە سەرێ و بە دانانەوەی خشتەکانی دیکە بازاڕەکە ئاسایی بێتەوە. هەتا خەڵک وەک جاران بێ ترس لە ژێر گومبەزەوە بێن و بچن و بێ ترس لە بن میچی قەیسەری دا سات و سەودای خۆیان بکەن. بەڵام بە هێما و ئاماژەی پیرانی حەمدوونی خورپەیەکی سەیر کەوتە دڵی وەستاوە. وەها کە دەسبەجێ کاسە و ماڵەی پێچاوە. هەرچەند لەبەری پاڕانەوە و تکا و ڕجایان لێکرد، لە ترسان تەواوی گیانی دەلەرزی و ئەوەندەی زۆریی لە غیرەت و بوێریی خۆی کرد، نەیتوانی و نەیوێرا بچێتەوە سەرێ و یەکسەر ڕۆیشتەوە بۆ ماڵێ.

لە ماڵێ دەستی وە خوروو کەوتەوە و بە دوای ئەوەدا وردە وردە هەموو گیانی خوروو و ئاڵۆشێکی ناخۆشی لێ پەیدا بوو. دوای چەند ڕۆژ دەستی لە نووکی قامکییەوە هەتا بن باخەڵی و لاقیشی لە قولاپە بەرەوخوار بالووکەیەکی وردی پیسیی لێهات. زۆری پێوە ناڕەحەت بوو و هەموو جارێک وا خۆی هەڵدەکڕاند خوێنی لە دەست و لاقی دێنا. لیر و بالووکەی دەستی و ئاڵۆش و خورووی گیانی لە کار و کرگاری خست و هیچ دەوا و دەرمانێک چاری نەکرد.

ماوەی ساڵێک تێپەڕی و ئەو هەروا بێکار بە دوای دەوا و دەرمانی لەشی دا شارەوشار دەخولاوە. تاکوو شەوێک، خۆشی لە خۆی، عارفی تەواوعەیار، زانای بێ هاوتا و مرادی دڵئاگا و باوکی پیرۆز، سەیید و سەروەرم حەزرەتی شێخ باپیر" خودا بەرەکەتی ئەو سایەچەورە لە سەرمان نەبڕێ" تەشریفی لە دروشمی پیاوێکی سەرتاپاسەوزی ڕیش وەک چۆڕی شیری گۆچان بەدەست، چووە خەونی وەستاوە. لە خەوەکەی دا ئاماژەی کرد هەرچی زووترە وەستا خەسرەو هەستێ و حەوت دەنک گەنم و حەوت دەنک جۆ و حەوت دەنک خوێی زبر هەڵگرێ و بچێتە تەکیەی حەزرەتی شێ حەمدوون و بگاتە خزمەتی باوکی پیرۆز و سەروەرمان حەزرەتی شێخ باپیر.

نیوەڕۆی سێ شەممەیەک وەستا خەسرەو پێش نەهار نوێژی خوێند و ڕووی لە خودا کرد و پاڕاوە. دوای نەهار لەگەڵ یەکێک لە شاگردەکانی بە نێوی کامیل بەرەو ڕووگەی هەژاران و چاوگەی خۆشەویستی و دەروون پاکی و ئاکارچاکی وەڕێ کەوتن.

کامیل خەڵکی کرماشان نەبوو ئەو خەڵکی ناوچەی موکریان بوو.

لاپەڕەی حەوت تا یانزە

درۆیه‌کی پیرۆز...
ما را در سایت درۆیه‌کی پیرۆز دنبال می کنید

برچسب : نویسنده : hozhan بازدید : 29 تاريخ : پنجشنبه 5 بهمن 1402 ساعت: 14:34