خەوزڕان

ساخت وبلاگ

خەوزڕان

سەڕاج بەناگەر

سەرسبحێ زوو دەمەوبەهار، لەوەختا وا هەوا وەک بووڵ و شیر ئاوێتەی پێتێت، فەرەیدوون و بازە گەینە بانتا. جا تا خوەر بە شەرمەو لە پشت دیواخ سوڵتان سەڕاجەدینەو ڕوخسار بنوێنێت و تیشک و تینی، با لە سەروشان ئاویەرگەورە، چادر لێدریا و دووکەڵ کوانگ چووە ئاسمانا. لەو ساعەت و فەسڵا ناتوانی بێژی هەوا سەردە، وەلێ چایگە. کوچک و کێف و دۆڵ هێشتا پا و پلیان ها لە ژێر لێفە شڕەی بەفرا و ماگیە تا گورج و گۆڵ هەڵسنە سەرپا و قەد و باڵای خوەیان بنوێنن. بێجگە لەمە بە قەوڵ قەیمی" سوورە ئاگر، ناوڕاس تاوسانیچ بێت هەر خوەشە"فەرەیدوونیچ باوجووا چوکڵەو چێو سووختەکەی تەڕ بوو، وەلێ لە ئاگرەوکردنا سواکار بوو.

هەروەخت خەیاڵ کێفی بووایت لەبەرا کۆڵەپشتییەکەی ئەڕازاندەو. لە قەن و چای و نان و گۆشت و خورما و نەوات بیگرە تا بگەیتە قورس و چەسب و دەرزی و مەکارە و چراقوە و تەنافی تێئەتەپان. وەلێ بێجگە لەمانە، نەفت و فتێڵەی نەفتاویچی تەک خوەیا بار ئەکرد. جا وەختێ چڵ و چێو نمدار بووایت و ئاگری نەگردایت، لەبەرا چکێ نەفتی پیا ئەکرد و ئەگەر باز نەیگردایت ئەو وەختە فتێڵەی ئەنیا، یانێ قرتکەی هۆجەنەی نەفتاوی ئەنیا ژێریان و بەم کەڵەکە ئاگرێکی ئەکردەو حەزۆ پێبکردایت. ئاخر مەگەر کێف بێ ئاگر ئەوێت؟ خۆ تەنیا قسەی سەرما و گەرما نییە، تەنانەت باس خوەراک و چزەکەواو نییە، قسەی سەر چایە. کێف بێ چای وەسە دڵداری بێ ماچ و مووچ.

وەختێ خەسە و هیلاک ئەگەیتە شۆنێک و تەماتە تاوێ وچانێ بگریت، ئیسکانێ چای حوکم کاسەیەک ئاو حەیاتی هەس. لامەسەب مەعلووم نییە بۆچە واسە وەلێ تام و لەزەت چۆڕێ چای دەمهاتگ لەبان کوانگ لە کێفەو، بەرانبەر گەرمیی دەس دۆسێکە وا دوای چەن وەخت دووری ئەیوینیتەو! جا حەیف کە فەرەیدوون باوجووا چایک خوەشی دەم کردوو، ئەمیچە بێژم لە دوێشەوەو تەک بازا ئەونە هەرد و بەردیان کوتاو بەیەکا تواو لە پا کەفتوون، چەندانێ تام و لەزەتی پێنادا. لێوانەکە بە دەمیەو وەبووە کوچک شان کوانگەکە، تینی بوو وەلێ تامی نەو!

وەختێ بەشەر گیرۆدەی دەس خەیاڵات بێت، مەجازی وا ئەشێوگێت لە دەمیا ئەوێتە زەهر مار و ڕۆژ ڕۆشن لە بەر چاویەو شەوەزەنگ ئەنوێنێت. بە دەم خەیاڵاتەو چاوی تواشای دووری ئەکرد و نەیئەدی. لیوانەکەی ئەبرد بۆ دەمی وەلێ هەر قوڵپێکی وەک ناراوێ ئەدا خوارەو. بازەیچ هەرچێ بە دەور و پشتییا خولەی ئەهات و جووچکەلەقێ بۆی ئەکرد بێ فایە بوو. فەرەیدوون زەوقەکەی جارانی نەماو سەر بنێتە سەری و چنگ بکاتە ناو تووکیا و بیخورنێت و وەک زووان فامێ بیتووتنێت. هەر بەم بۆنەو بوو وا بازەیچ سەری لێ شێویاو و شۆن کار خوەی نادۆزیەو، ئەکەفتە شانی، مەحەلی لێ نائەنیا. ئەکەفتە پشت سەر یا بەردەمی، نەیئەچڕی. یاد جاران و کەین و بەینی تەک فەرەیدوونا عەزیەتی ئەکرد. چەنێ خوەش بوو وەختێ ئەهاتن بۆ ئاویەر و سەرخوەش و دڵخوەش دەشت و دۆڵیان لە ژێر پا دەرئەکرد. لەو وەختا حەق و ناحەق ناوی بە دەم فەرەیدوونەو بوو." بازە بڕۆ. بازە بێ. بازە دەرچۆ. بازە مەچۆ. بازە! بازە! بازە! "

بێدەنگ ئەیپرسی لە خوەی:" کوای ئەو گشت کەیف و مەسییە؟ چەی پێهات ئەو گشت مێروچێرییە؟"

ئیسە هەرچی ئەیڕوانی بە فەرەیدوونا ئەیدی لە بنیامەکەی جاران ناچێت. ئەو وەختگەلە هاوپاکەی جووانێ بێغەم و لامل زەرد بوو. نە تەمێ لە چاویا بوو، نە پەژارەیک لە ناو ڕواڵەتیا. دڵخوەش و سەرمەس ناو هاوماڵ و هاوشانا گوزەرانی ئەکرد بۆ خوەی.

ئەو عانگەلیچە هەر کێف ئەچوو وەلێ نە وەک ئیسە تاق و تەنیا. تەک ڕەفێقەکانیا، ئەویچ نە دانە و دووان و سییان، بەڵکەم حەفت و هەشت و بگرە فرەتر، دەسجەم هەر حەفتە و دووان ڕایک، ئەچوون بە مەحاڵێکا. ڕۆژێ کوڕەی میانە بوو. ڕۆژیکیتر شاهۆ، دەفحەیەک یۆسۆسیا و ئەم دەفحەو سەخناخ و کەل سەی عەتا. بازە لە بیری نەو، چوون لەو عانگەلا هێشتامێ لەم دنیا نەو. یا فەرەیدوون تەک خوەیا نەیبردوو تا بزانێ ساحێوە خواپێداگەکەی نە تەنیا کێف و شاخ و داخەکان کورسان، بەڵکەم کێف و کێفسانە گەورەکان ئێرانیچ گشتی لە ژێر پا دەر کردگە. ئاخر فەرەیدوون بوو، خۆ شۆخی نەو. وا نەوایت تا ئیسە بگرە چەن کێفسان خارجیچی بدایتەو پاوە. حەیف! تاقەت و حەوسەڵەکەی جارانی نەماو. تاقەت و حەوسەڵەی بەشەر ئەشێ، ڕیشەی ناو ئاو دڵخوەشیا بێت تا سەرسەوز بمێنێت و بەر بگرێت و لق و پۆی فرەتر دەرکات.

کەسێ وەختێ دڵخوەشی نەوێت، وەختێ دڵی وەک گڵۆڵەی شێویاگ پڕ بێ لە گرەکۆرە، تاقەت و حەوسەڵە سەهلە، ڕیشەی حەیاتیچی وشک ئەوێت و بای فەنا گەڵا و سەمەری بە تاڵان ئەوات. بەشەر بە سەرینی ئەم گشتە هارت و هوورت و بیگرە و بەرییە، لە خوەی زەلیل و زەعیفتر هەر خوەیە. خاسە خاسە تا تێ بە ملیا، ناخڵافا وەک دارێ ئەڕەبەرقیت نیاوێ لە ڕیشەکەی، بە پفێ ئەدارگێتەوە و تواو ئەوێت. جا ئەگەر هەمیشە بۆ هەر چێ کەسە وابێت بازەم جێگەی شوکری هەس، یەک دەفحە و نەجات. وەلێ باوکەڕۆ لە وەختێ وا دار حەیات ئافەت ئا لێ، کرمۆڵی ئەکات و خەلاسیچی ناکات و نایوڕێتەو! وەک دوژمن قەستەسەر کرم و جانەوەر ئەخاتە ناو لاشەی و هەر سەعاتێ تۆیکی ئەکاتە تۆڵاشە و هەر تاوێ ئێش و ئازارێ ئەخاتە گیانی!

لاپەڕەی پەنج تا هەشت

درۆیه‌کی پیرۆز...
ما را در سایت درۆیه‌کی پیرۆز دنبال می کنید

برچسب : نویسنده : hozhan بازدید : 35 تاريخ : پنجشنبه 5 بهمن 1402 ساعت: 14:34