کەشکۆڵی جادوویی

ساخت وبلاگ

کەشکۆڵی جادوویی

لە کتێبی: پێکەنینی گەدا بەرهەمی: حەسەن قزڵجی (1914-1985)

وەیسە و ناسکۆڵ تاقانەی دایک و باوکی خۆیان بوون و، بە نازداری پەروەردە کرابوون. یارە و، پیرۆتی باوکیان، برایەتییان خۆش بوو. چەندیهای چەند ساڵ بوو دڵی یەکتریان نەیەشاندبوو، لەسەر ماڵ مابوونەوە و بە براشی ڕایان دەبوارد. ڕان و پاتاڵیان بوو. لە زەوی و زاری فەرەیدوون بەگدا دەیانلەوەڕاند و بژێوی خۆیان پەیدا دەکرد. هەر چەند دەوڵەمەند نەبوون، بەڵام سەبارەت بەوە کە هێدی و هێمن وبێوەی بوون، خەڵکی ئاوایی خۆشیان دەویستن.

وەیسە و ناسکۆڵ کە جووتە منداڵی ماڵ بوون، هۆگری یەکتر بوون و لە یەک جیانەدەبوونەوە.

بە یەکەوە چوونە مەزرا بۆ لای باوکیان و بەیەکەوە ماڵ بۆ لای دایکیان. بە یەکەوە لە گەڵ بەرخۆڵەکان دەکرد.

ساڵ و مانگ بە دوای یەکدا تێدەپەڕین و وەیسە و ناسکۆڵیش بە خۆدا دەهاتن و گەورە دەبوون.

تا گەورەتر دەبوون خۆشەویستییان پتەوتر و هاوڵەتییان گەرمتر دەبوو. ڕۆژێ لە ڕۆژان یارە و پیرۆت بە یەکەوە دانیشتبوون باسی حاڵ و باڵی خۆیان دەکرد. یارەی باوکی وەیسە بە پیرۆتی گوت: ئێمە چەند ساڵە برایەتی خۆمان ڕاگرتووە و بە تەبایی و سەرودڵ خۆشی ڕامان بواردووە. ئێستاتش با کارێکی وا بکەین منداڵەکانیشمان وەکوو خۆمان بن و لەیەک جیانەبنەوە. خۆت دەزانی لە منداڵییەوە بە یەکەوە گەورە بوون و زۆر هۆگری یەکترن.

پیرۆت گوتی: یارە، من هەرگیز نابمە دڕکی مەم و زین و ئۆباڵی وەیسە و ناسکۆڵ ناهێنمە ئەستۆی خۆم. برالە، منیش دەزانم پاروو لە دەم بکەوێتە خوارێ بۆ کۆش باشە. ئێمە کە براین دیارە کچی منیش بۆ کوڕی تۆ چاکە. بە بێ ئەوەی تۆ بڵێی من خۆم ئەمەم هەر لە دڵدا بوو.

شەوێک مەلای ئاوایی و دوو سێ کەس لە دەر و دراوسێی خۆیان بانگ کرد و ناسکۆڵیان لە وەیسە مارەبڕی. مەلا بە چاکەی یارەو پیرۆتا هاتە خوارێ و پیرۆزبایی ئەو کارە چاکەی کرد. یارە بە هێواشێک دەستی بۆ لای مەلا درێژ کرد و دوو دیناری مارەبڕانە دا بە مامۆستا. مەلا سەرلە نۆێ دەستی کردەوە بە پیرۆزبایی و دوعای خێر و پاشان هەڵستان و ڕۆیشتن.

وەیسە و ناسکۆڵ ئیتر لە دوو منداڵی ماڵ و دوو هاواڵی خۆشەویستەوە بوونە دەزگیرانی یەکتر و شەرمیان دەکرد و وەک جاران بە یەکەوە نەدەگەڕان. بەڵام تا دەهات عەشق و ئەوین لە دڵیاندا زیاتر تین و تاوی دەساند.

پایز کە خوری و ڕۆن و شەک و کاوڕیان فڕۆشت، کەوتنە سەروکاری زەماوەندی ناسکۆڵ و وەیسە. جگە لە خەڵکی ئاوایی لە کەسوکاری خۆشیان گێڕاوە و سێ ڕۆژ شاییان کرد و بە تەقەی دەهۆڵ و زۆڕنا داوەتیان گێڕا. کچ و کۆڕ و ژن و پیاوی ئاوایی بە چەپی و ڕۆینەو سوێسکەیی و شێخانی هەڵدەپەڕێن. یارە دەستپێشکەریی خۆی کرد نەیهێشت گزیز بێتە سەری دە دیناری سوورانە بۆ فەریدوون بەگ برد و دوو دیناریشی شیرینی دا کوێخا و کاوڕێشی. پێشکەشی ئاغاژن کرد.

دوو سێ ساڵێک بەسەر زەماوەندی وەیسە و ناسکۆڵەدا ڕابوورد. ساڵێک دەرد کەوتە ناو ڕانەکەیان و بەرودوای کوشت. چەند سەرێکیشی کە لە چنگ دەرد ڕزگاری بوو، ناچار فرۆشتیان و دایان بە نان و ئیتر بە یەکجاری پەکیان کەوت. دەبوو بە ڕەنجبەری و سەپانیی خەڵک بژێوی خۆیان پەیداکەن، وەک جارێک گزێر هات و دەنگی دان بۆ بێگار. پیرۆت گوتی: من دەچم. یارە نەیهێشت و گوتی: تۆ لە من پیر تری وا براگەورەی، تا من ماوم ناهێڵم لەگەڵ مناڵ و مەزنا بچێ بۆ بێگار. وەیسەش ڕەنجبەری خەڵکە، من خۆم دەچم، یارە نان و شەکر و چاو قۆری و پیاڵەی خستە تۆشەبەرەیەکەوە و کڵاشەکانی کردەپێی و دەستی دا داس و کەوتە دوای گزیر. کاتێ گەیشتە ناز و بێگارچییەکان و دیتی هەموو هەرزەکار و کوڕوکاڵن وکەسی لە تەمەنی ئەویان تێدا نییە، زۆر بەزەییی بە خۆیاندا هات و لە دڵی خۆیدا وتووێژەی ئەوەی دەکرد: کە ئەگەر نەهاتی سواری شانیان نەبوایە و هەژار نەکەوتنایە، یان بێگارانەیان ئەدا، یا دەیتوانی وەیسە بنێرێت. چۆنێک بوو کەوتنە بەندەن و ڕوویان کردە کەماجاری فەرەیدوون بەگ.

کەما جارەکە بە هەورازێکی زۆر سەخت و کووڕ و تەلانێکی ڕژد و بەردەڵانەوە بوو. لای خوارووشیان هەڵدێر و زەرد و ماهبوو. بەریان لە کەماکەندن گرت. یارە کەوتبووە لای ڕەوەزە بەردێکەوە و جگە لە ماندوویی و شەکەتی وتووێرەش زۆری بۆ دەهێنا و دڵتەنگی دەکرد. کوڕوکاڵ دەنگی یەکتریان دەدا وەک گرەوەکانی دەیانویست لە یەکتر پێشکەون. یارەی هەژار پیر و بێهێز بوو، لەگەڵیان دەرنەئەچوو. لە لایەکیشەوە لەوە دەترسا کە سەرکارەکەیان قسەیەکی سووکی پئ بڵێ، ناچار ئەویشی کەوتبووە پەلە و تەکانی دەدا. چاویشی کز و پڕووش بوو، باش ڕێی بەدی نەکرد. لە نەکاو لە ڕەوزە بەردەکە قاچی خلیسکا و هەڵدێرا. کاتێک چوونە سەری بێهۆش کەوتبوو. ئێوارە بەدارەتەرم بردیانەوە ماڵەوە. یارەی بەدبەخت پشتی شکابوو.

چەند ڕۆژێک بە ئێش و ئازارەوە ژیاو مرد. خەڵکی ئاوایی و سەرەخۆشیکەری دێهاتی دەوروبەر، سەریان تێکردن. «شین و شایی دەستەوایە». ئەمڕۆ لەمانە، سبەینێش لەوان. ئەبێ پیاو بە تەنگ خزم و هاوماڵەوە بێت.

چەک و پووشێکی بووشیان لە پرسەدا ڕۆیشت. ئەمجار پیرۆتیش هەر چەند وەیسە تەقەلای دەدا نەهێڵی کاربکا، کەڵکی نەدەگرت و بەو پیرییەوە تەکانی لە خوی دەدوا ئیشی دەکرد، تا ئەویش لە خەم و خەفەتی براکەی وبێ خۆراکی و کەم حەسانەوەیی، ئاخری نەخۆش کەوت و چەند ڕۆژێک لەسەر جێگا بوو، ئەوەندەی «خێر و سەدەقە» یان بۆ بەخشییەوە، نووشتە و دوعایان بۆ کرد سوودی نەدا و لە دنیا دەرچوو.

وەیسە بە تاقی تەنیا مایەوە. دەبوو ئەرکی ئاغاش بگرێتە ئەستوی و ناسکۆڵ و دایکی و خەسووشی بەخێو کا. ئەم قوڕبەسەرە هەر کردەی ئەو بوو و بردەی شەیتان. تا نانی پەیدا دەکرد، شەکر و چا نەبوو. تا چەوری و بەرەچێشتی دەس ئەخست، جلوبەرگ نەبوو. سەری لێشیوا. خۆشی نەیدەزانی چ بکا.. ئەمانەش گشتی لەوێ بوەستێ. هەر تاوناتاوێکیش دەنگیان دەدا بۆ بێگار و هەرەوەز. وەیسە بۆ ئەوەی لە بێگار تەرخان بێ، قەد پاڵێکی خوایی لە فەرەیدوون بەگ مەختە گرت کە بنێشتی لێ بکات.

ڕۆژانە بەو لێڕەوار و نزارە چڕوپڕەدا گەڕا و دارەبەنی دەدۆزییەوە، لەلەی دەکردن و کۆچەڵەی تری دەکرد. یەکێکی وەک وەیسە بێ بژیو و داماو نەبوایە کەمتر دەیوێرا ڕوی ٯقبقتێکا. دارەبەنەکان ئەستێور بوون و بنێشتێکی زۆریان دەردا. وەیسە کە دیدەی کۆچەڵەکان زوو پڕ دەبن، هەروا زۆر دڵی خۆش ببوو. هیوایەکی باشی بە بەربووی کارەکەی پەیدا کردبوو.

ڕۆژێک ئیشوکاڕی خوی خێرا تەواو کرد. بە ئارەزوو بە لێڕەوارەکەدا دەگەڕا، بە نیازی ئەوە بە ڵکو کانی ئاوێک بدۆزێتەوە لە کوندەئاو گێڕان ڕزگاری بێ. بە کەژەکەدا فرە هەڵگەڕا و تەواو لە ڕێباز و ئاوەدانی دوورکەوتبوەوە. نزار لەوێ زۆر پڕ و داری تەنبوو ئەستوور و کۆنەساڵانی فرە بوو. لە شیوەڵێکدا پنگەڵ و زەل و قەرەم دیاریدا. بەرداو بەردو بندارە و بندار بۆی چوو تا گەشتە پێشەوە. تەماشای کرد ئاوێکی کەمە لە سەرەوە دێتە خوارێ. زانی کە دوور یا نزیک کوێرە کانییەک لەو ناوەدا هەیە. بەرەو ژوور هەڵکشا تا گەیشتە بن داربەڕوویەکی زۆر ئەستوور و کۆنەساڵ کە بە لک و پۆپی خوی سێبەری لە مەودایەکی هەراو کردبوو. ڕابواردنێکی ساڵانی زۆر شوینان کردبووە دڵی پیرەدار و کلۆرێکی گەورەی تێکەوتبوو. لە بن داربەڕووەکە کانییەکی بچووکی لێبوو، بەڵام تا بڵێی ئاوەکەی ڕوون و سارد بوو. لێی دانیشت و نەختێ بەری کانییەکەی خاوێن کردەوە و دەست و دەموچاوی شوست و دووسێ مستی ئاو خواردەوە و لە حاستی خۆی پاڵیدا بە بەردێکەوە، تۆزێ بحەسێتەوە. کە سەری هەڵبری تەماشای کرد ئەوا سیپاڵێک و هێندێ کەلوپەل لە بەرامبەریەوە لە ناو کلۆری دارەکەدا دیارە. گوتی: ڕەنگە ئەوانەش هینی چارەڕەشێکی وەک من بن، وا چاکە چاوەڕوانی بکەم تا دێتەوە. هەر باشە لەم نزارە بەسامەدا هاواڵێکم بۆ پەیدا بووە. ماوەیەک چاوەڕوانی کرد لە لابەلای دارەکانەوە کابرایەکی ڕیش سپیی ناو چاوان پاک دیاریدا، وردە وردە هاتە پێشەوە. وەیسە لەبەری هەستا سڵاوی لێکرد. ئەویش زۆر بە ڕووخۆشیەوە وەڵامی دایەوە و چاک و خۆشی لە گەڵ کرد. وەیسە پرسی: مامە گیان! ناوت چیە؟ مامەپیرە گوتی: ئینسان.

وەیسە ئەم ناوەی بەلاوە سەمەرە بوو. ئیتر نەیویست لێی بپرسێ کێیە و چ کارەیە و بۆچ لەوێیە. بە دەرفەتی زانی و لە دڵی خۆیدا گوتی هەرچییەک بێ یا پیاوچاکە یان بە لانی کەمەوە دنیادیتووە و بەرژەوەندی زۆرە. وا باشە چارەڕەشیی خۆمی بۆ بگێڕمەوە و تەگبیرێکی پێ بکەم.

کە باسی شپرزەیی خۆی کرد، لالۆی پیرە بەزەیی پێدا هات و بزەیەکی هاتێ و گوتی: هەروا نابێ، بەڵام درەنگ و زوویی کەوتووە. بەهەر جۆر من دوو کەشکۆلم هەیە بەشیان دەکەین، یەکیان بۆ من ئەوی تریشیان بۆ تۆ. وەیسە زۆری کرد سوپاس کرد و لە دڵی خۆیدا گوتی ئەمیش هەر باشە کەڵکی شتێک دەگرێ. کە لالۆی پیرە کەشکۆڵەی لە کەلوپەلەکەی دەرهێنا و دایە دەستی، تەماشای کرد شتێکی زۆر جوانە و باش نەخشاوە و کەندەکارییەکی نایابی ڵێکراوە. دەرخۆنەیەکی کپی بەسەرەوەیە ئەگەر شتی تێکرێ تەپوتۆزی لێ نانیشێ. ئەمجار بە خەیاڵ شتی بۆ دەدۆزییەوە تێی کا. ئاخری گوتی بۆ شەکر و چا باشە.

کەشکۆڵی وەرگرت و گەلێک سوپاس و ماڵئاوایی لالۆی پیرەی کرد و گەڕایەوە. کە ڵێی وردبۆوە وەک شتێکی لێ نووسرابێ وابوو، بەڵام نەیدەزانی بیخوێنێتەوە. بەینێک ڕۆیشت، برسیی بوو، گوتی خۆزگە ئەو کەشکۆڵە ئێستە نان و پێخۆرێکی تیدا بوایە. بە دەم ڕێوە یاریی بە کەشکۆڵەکە دەکرد و سەری لابرد بزانێ چۆنە، کە تەماشای کرد نان و پەنێرێکی باشی تێدایە. تاوێک سەرسام ماو گوتی: تۆ بڵێی ئەمە وەک هامانەبۆر نەبێ یا کەشکۆڵێکی جادوویی بێ هەرچی پیاو ئارەزوو بکا تێیدا بێ؟ نان و پەنیرەکەی خوارد و گوتی: خۆزگە پڕ بوایە لە ئاوی سارد. کە دەرخۆنەکەی لابرد پڕبوو لە ئاوی سارد. تێریشی ئاو خواردەوە. ئەمجار وتی خۆزگە سێ چوار پیاڵە چاشی تێدا بوایە. دیسان کە دەرخۆنەکەی لابرد چاشی تێدابوو.

وەیسە لە خۆشییان هەر ئەوەندە بوو باڵی نەدەگرتەوە. وتی: ئیتر دەحەسێمەوە. ئیتر ناسکۆڵ و دایکم و خەسووم برسیایەتی ناکێشن. ئیتر گرانی و هەرزانی نازانم. ئیتر لە نانی گاڵ و پۆوە خواردن ڕزگارمان دەبێ. بەرەو ماڵ کەوتەڕێ. تا زووتر خێزانەکەی تێرکاو تامەزرۆییان بشکێنێ. لە خۆشییان و پەلەپەلییان ئاگای لە دەوەن و پنچک و بەرد ودار و دڕک و داڵ نەبوو. هەروا دەپەڕی. هێندێ جار گۆرانیی دەگوت. هێندێ جاریش لە کەشکۆڵەکە ورد دەبۆوە و قاقا پێدەکەنێ. هەر دوو هەنگاوی دەکرد هەنگاوێک و خێرا دەکات تا لە دێ نێزیک دەبوو.

قەڵای فەرەیدوون بەگ لە ژوور ئاواییەوە بە جێگایەکی بەرزەوە بوو. پەنجەرەکانی دیوەخانەکەی دەیانڕوانییە هەموو ئاوایی و ماڵبەماڵی لێوە دیاربوو. فەرەیدوون بەگ هەمیشە لە سەرەوەی دیوەخانەکە لەبەر پەنجەرەیەک دادەنیشت و سەرنجی خەڵکی ئاوایی و کار و کردەوەیانی دەدا.

وەیسە گەیشتە قەراخ ئاویی و فەرەیدوون بەگ چاوی پێکەوت. لە خێرا ڕۆیشتنی وەیسە و بەزوو هاتنەوەی هەستی بێدار بوو. هەنگاو بە هەنگاو بەر سەرنجی دا. کە نێریکتر بۆوە تەماشای کرد لە خۆشییان دەموچاوی پێدەکەنێ و شتێکیشی توند گرتۆتە بن باخەڵی. فەرەیدوون بەگ گوتی: ببێ و نەبێ ئەم خۆشییەی وەیسە سەبارەت بەو شتەیە لە بن باخەڵیدایە. کە لە دیوەخان نێزیک بۆوە، فەریدوون بەگ بانگی کرد: ئا وەیسە وەرە ئێرە. وەیسە لە ترسان نەیوێرا وەڵامی نەداتەوە. ناچار چووە دیوەخانە. فەریدوون بەگ ئەوە چییە بە بن باخەڵتەوە؟ وەیسە گوتی هیچ نییە، کەشکۆڵێکی دەورێشییە. فەرەیدوون بەگ وتی کەشکۆڵی لێ وەرگرت و تەماشای کرد نەخش و نیگارێکی سەیری لێکرابوو. کە سەرنجی ئەولاکەیدا بە خەتێکی جوان لێی نووسرابوو «کشتوکاڵ». تێگەیشت کە چەندە هێژاو بە نرخە. گوتی: ئەمە بۆ من چاکە. تۆ کابرایەکی وەرزێڕ و بۆرە پیاوێکی بێسەروپێی، شایانی تۆ نییە. ئەوەندەی وەیسە پاڕاوە و لاڵاوە سوودی نەبوو، بە پاڵەپەستۆ کردیانە دەرەوە. فەریدوون بەگ ئیتر و خەو خواردنی لێهەڵگێرا، هەمێشە خەریکی کە شکۆڵی تاین بوو، ئەوەندەی خەلە و چەڵتووک و تووتن و پەمۆ و نیسک و نۆک و دانەوێڵەی تر لێ پەیدا کردبوو ماڵەکەی وەک هەڕاجە بازاڕ هەمێشە پڕ بوو لە بازرگان و چەرچی. دارایی و سامانێکی زۆر زەوەندی پێکەوە ناو قەڵاکەی لەبەر کارەکەر و خزمەتکاری زۆر و زڕەزڕی ڕادیۆ و بریسکە برێسکی کارەبا و وڕەوڕی ترۆمبێل و چزوهووڕی چێستخانە و زرینگەزرینگی بۆتڵ و پێک هەر دەتگوت کابارەی شار گەورەکانە. وەیسەی چارەڕەش لە تاوی کەشکۆڵەکەی ئاگای لە بنێشت کردن بڕا و بندارە و بندار بە دوای لالۆی پیرەدا ئەگەڕا.

سەر کانییەکەی کردبوو وارگەی بەیانی و ئێوارێ، بەڵام بۆ نەگبەتی بە هیچ جۆرێک ئاسەوارێکی لە لاڵۆی پیرە بەدی نەکرد. ماوەیەکی زۆری بەم چاوەڕوانییەوە ڕابوود، هیچ سوودی نەبوو. ئەمجار بیرێکی لە حاڵی خۆی کردەوە و گوتی: من تازە خەریکی چیم، پاش ئەوەی نەمفامی و کەشکۆڵەکەم لە کیس خۆم دا، لە بنێشت کردنەکە بۆ وازبێنم. ئەدی دوو ڕۆژی تر خێزانەکەم بەچی بە خێو کەم، پارەی مەختەکەی بەگ بدەم؟

وەیسە کە لەسەر کانییەکە ئەم بیرانەی دەکردەوە، تۆزێک هۆشی هاتەوە بەرو دەموچاوی شۆرد و نەختێ ئاوی خوارەوە و بە داخێکەوە سەرنجێکی جێگای لالۆی پیرە دا چۆڵ و هوڵ بوو. هەستاو بەهەناسە ساردی گەڕایەوە سەر ئیش و کارەکەی، بنێشتی کۆکردەوە و کردیە مەشقاڵە و بردییە شار و فرۆشتی. کە پارەکەی وەرگرت و لێکی دایەوە، هەر ئەوەندە بوو لە جیاتی مەختەدا بیدا بە فەرەیدوون بەگ، لە تاوان ئەژنۆی شکاو گوتی: ئەو زستانە خێزانەکەم لە برسان دەمرن. پارەکەی نا باخەڵ و بە شپرزەیی لە شار دەرکەوت. لە قەراخ شار خانوویەکی گەورەی تازە دروست دەکرا. وەیسە دیاری وێستا و سەیری کرێکار و وەستا و ئیشەکەیانی دەکرد و لە دڵی خۆیدا دەیگوت ئەگەر بمگرن بە کرێکار ماوەیەک ئیش دەکەم و شتێک بۆ خێزانەکەم کۆدەکەوە. وەیسە لەم بیرەدا بوو کە کابرای وەستا چاوی پێ کەوت و بەناو بانگی کرد: وەیسە وەرە بۆ ئێرە. وەیسە سەری سووڕما و چووە پێشەوە. وەستا گوتی: وەیسە ئەوە نامناسییەوە؟ وەیسە گوتی: نە بە خوا، جا من تۆم لە کوێ دیوە تا بتناسمەوە؟ وەستا گوتی: من ئەو کابرایەم کەشکۆڵە کەم دایەی. وەیسە ڕایکردە پێشەوە و دەستی کردە ملی و گوتی: تۆ ئەو وەختە لە نزار بووی و ئێستا لە شاری و بەننایەتی دەکەی. ئەمە لە کوێ بە بیری مندا دەهات؟ وەستا گوتی: تاخر وەیسە؛ بەرخ هەمیشە لەژێر سەوەتەدا نابێ، ئینسان بەرەو پێش دەچێ. ئێستا حالت چۆنە؟

وەیسە بەسەر هاتی خۆی بۆ گێڕاوە و زۆری داد و بێداد کرد لە دەست فەرەیدوون بەگ. وەستا کە جوان ببۆوە و وەک کوڕێکی قیت ۆ قۆز دەهات و دەچوو، گوتی: وەیسە خەمت نەبێ. کەشکۆڵەکەی کەشم بۆ هەڵگرتووی. لێرە بوەستە تا دێمەوە.

لالۆی ئینسان تاوێکی پێچوو هاتەوە کەشکۆڵەکەی دا دەست وەیسە. وەیسە وەریگرت و زۆری ماڵاوایی لێ کرد و بە دڵخۆشییەوە کەوتەڕێ. ماوەیەک ڕۆیشت، لە ڕێگا ویستی تاقیکاتەوە. هەر چەند نیازی لێ گرت و تەقەلای دا دەرخۆنەکەی بۆ نەکرایەوە. ئیتر خۆی پێوە خەریک نەکرد و لە خۆشییان کارەساتی پێشووی لە بیر چۆوە، بە پەلە ڕۆیشتەوە بۆ ماڵەوە.

گەیشتەوە ئاوایی. سەر لە نوێ فەرەیدوون بەگ چاوی پێکەوت و بانگی کرد. کە چووە دیوەخان گورج ئەم کەشکۆڵەشی لێساند. هێشتا وەیسە لەوێ وێستابوو کە فەرەیدوون بەگ وەک تەلیسمێکی بە ناوی ئەوەوە بێت دەستی دا دەرخۆنەی کەشکۆڵەکە و بۆی لابرا. بەڵام دەسبەجێ دوو مستی قورس و قایم لە کەشکۆڵ هاتنە دەرێ و ڕاست و چەپیان لە سەری فەرەیدوون بەگ گرت و لە لاجانگیان دەسرەواند. هەروا پشوویەکی پێنەچوو هێندەیان بەسەریا کێشا نزیک بوو مێشکی لە کونەلووتیدا بێتە خوارەوە. فەرەیدوون بەگ خۆی پێڕانەگیرا و لە تاوانا هاواری کردە وەیسە: کوڕە وەیسە فریام کەوە، وەیسە تۆ کوڕ و برامی، من کردم تۆ نەیکەی. جارێکە و ئەمجار، ئەمان وەیسە! دەخیل وەیسە!

وەیسە ئاهەنگێکی هاتەوەبەر. بە کەشکۆڵی تاین پشتت ئەسوور بوو، گوتی: ئاغام بفەرموو کەشکۆڵەکەی ترم بۆ بێننەوە جا ڕزگارت ئەکەم.

فەرەیدوون بەگ بانگی کرد: کێ لەوێیە؟ ئا ڕاکەن کەشکۆڵەکەی بۆ بێننەوە، خێراکەن، گیانم دەرچوو، کەللەی سەرم ورد و خاش بوو. کوڕە وەیسە، من ماڵی دنیام بۆ چییە؟ گیانیشم هی تۆیە؟ خزمەتکارێک هاتە ژوورێ و کەشکۆڵەکەی پێشووی هێنا و دایەوە دەست وەیسە. کە وەیسە کەشکۆڵەکەی وەرگرت، مستەکان لە جێگای خۆیان وێستان و لە تێسرەواندنی سەر و گوێلاکی فەرەیدوون بەگ بوونەوە. فەرەیدوون بەگ بستێ زمانی دەرکێشابوو، چاوی بە مۆڵەق وێستابوو، زرینگە زرینگ لە سەریەوە ئەهات. سەرنجێکی کەشکۆڵەکەی دا بزانێ چ جادوویەکی تێدایە وا ئەم کارەساتەی پێکرد، کە تۆزێ لێی خێس بۆوە، لێی نووسرابوو: «زەوی بۆ وەرزێڕ و، مەرگ بۆ دەربەگ» ئیتر لە تاوانا وەک مار پێوەی دا کەشکۆلی بۆ وەیسە فڕیدا و ڕایکرد، ئەو ڕۆێنەی ڕۆیشت نەگەڕایەوە. ئیتر جارێکی دیکە کشتوکاڵ لە وەرزێڕ و بۆرە پیاو داگیر نەکرا و هەرکەس ڕەنجی شانی خۆی هیی خۆی بوو. ئەگەر کەسێک بیویستایە زۆرداری بکا و دەسڕەنجی خەڵک داگیرکا مستەکان لای چەناگای ئەوێستان و دەستیان دەکردەوە بە تێسرەواندنی.

وەیسەش بە تێرو تەسەلی ڕایبواردو لە نانی گاڵ و پووە ڕزگاری بوو.

١- بەڕوو دەهاڕن و لەگەڵ ئاردی جۆ تێکەڵی دەکەن و دەیکەنە نان و پێی دەڵێن «نانی پووە». خەڵکی هەورامان لەبەر نەداری و پەرێشانی پتریان ئەوە دەخۆن.

درۆیه‌کی پیرۆز...
ما را در سایت درۆیه‌کی پیرۆز دنبال می کنید

برچسب : نویسنده : hozhan بازدید : 25 تاريخ : جمعه 4 اسفند 1402 ساعت: 19:39