ئاوڕدانەوەیەک لە سەرکەوتن و شکستی شۆڕشەکانی شێخ مەحموود

ساخت وبلاگ

ئاوڕدانەوەیەک لە سەرکەوتن و شکستی شۆڕشەکانی شێخ مەحموود

لە کتێبی شەکرە شارەکەم، سولەیمانی، نووسینی د.حوسین محەممەد عەزیز

یەکەمین شۆڕشی شێخ:

تەگبیری "شێخ" بۆ ڕاگەیاندنی شۆڕشەکەی بەم شێوە بوو: سەرەتا "مەحموودخانی دزڵی ڕاسپارد بە بیانووی سەردانی گۆڕەکەی کاک ئەحمەدی شێخ" ەوە بێن بۆ "سلێمانی" و داگیریکەن. "سۆن" ویستی ڕێیان نەدا. بەڵام مەحموودخان لە 21/5/1919 دا بە 300 چەکدارەوە پەلاماری سولەیمانییی دا و گرتی. تەنیا شەڕێکی سووک نەبێ هیچی دیکە ڕووی نەدا. ئیدی زۆربەی زۆری کوردەکان ڕیزەکانی سوپای ئینگلیزیان چۆڵ کرد و بە چەکەکانی خۆیانەوە تێکەڵاوی چەکدارەکانی مەحموودخان بوون. پاشان هەموو ئینگلیزییەکانیان گرت و لە دەبۆکەی سولەیمانیی توندیانکردن. "مێجەڕ سۆن" یش بەرەو "کەرکووک" هەڵات. "ویلسن" بە فڕۆکە بڵاوکراوەیەکی تایبەتیی بۆ دانیشتووانی شاری سولەیمانی بڵاوکردەوە. داوای لە شێخ کرد بۆ گفتوگۆکردن بچێ بۆ بەغدا. پاشان هەڵەبجەش گیرا و هەم ئینگلیزەکانیش دەسگیر کرد. ئیدی دوای ئەو کارەی مەحموودخان شۆڕشی یەکەم دەستی پێکرد. شێخ لە بنەوە پێوەندییەکی گەرموگوڕی لەگەڵ تورکەکەندا هەبوو. ئەو پێوەندییەش لەگەڵ ئوزدەمیر-عەلی شەفیق دابوو کە لە زاخۆ بنکە و بارەگای خۆی دانابوو، دژی ئینگلیزییەکان هانی سەرۆک تیرە و هۆزەکانی کوردی دەدا، دەیویست دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا بجەسپێنێ. لە هەمان کاتیشدا شێخ پێوەندیی لەگەڵ "شافەیسەڵ"یشدا بەستبوو بەڵام لەگەڵ "مستەفاپاشای یاموڵکیی" و کۆمەڵەکەیدای ڕێک نەدەکەوت کە بە ناوی "جەمعییەتی کوردستان" ەوە کاریاندەکرد و بۆ ئازادی کوردستان تێدەکۆشان!

بۆ ئەوەی شۆڕشەکە بە تەواویی نەتەنێتەوە و هەموو ناوچەکانی کوردستان نەگرێتەوە، هەر زوو بە زوویی ئاگری شۆڕشەکە دامرکێننەوە، ئینگلیزەکان یەکسەر خۆیان کۆکردەوە، هێزێکی گەورەی کەرکووک بە دوو تانکەوە بە فەرماندەیی "کۆلۆنێل بریدجس" ڕۆژی 23/5/1919 لە کەرکووکەوە بەڕێکەوتن. لەلایەکی دیکەشەوە، "کابتن لۆنگریک" لە کەرکوکەوە بەرەو سولەیمانیی بە خۆی و هێزی لیڤییەوە جووڵان. لە 25/5 دا لە "گردی تاسڵوجە" شەڕ دەستیپێکرد. هێزەکانی شێخ سوپای ئینگلیزیان شکان، تا "دەربەندی بازیان" ڕاویان نان و پەلەپڕووزێ خۆیان گەیاندەوە چەمچەماڵ. زیانێکی گەورەیان لێدان، دەسکەوتێکی باشیشین هەبوو. سەیر ئەوەیە لیڤییەکانی لۆنگریک کە هەموویان کورد بوون لەگەڵ لەشکرەکەی شێخ دا یەکیانگرت. بەو شێوەیە لووتی ئینگلیزەکانیان شکان. ئیدی هێزەکانی شێخ لە دەربەندی بازیان جێگیر بوون.

ئینگلیزەکان ویستیان تۆڵەی تێکشکانەکەی خۆیان لە شێخ بکەنەوە. ئەو پەڵە شەرمەی نێوچەوانیان بسڕنەوە. لە هەمو لایەکەوە سوپایان هێنا و لە چەمچەماڵ کۆیانکردنەوە. شێخیش دەسپێشخەریکرد. "شێخ قادر" برای بە 500 سوارەوە بەرەو بنەی ئەودیو چەمچەماڵ نارد تا ڕێی هاتووچۆی نێوان کەرکوک و چەمچەماڵ ببڕێ.

هێزەکانی ئینگلیز لە چەمچەماڵ لەلایەک لەشکری کوردەوە گەمارۆدرابوون. شێخ و لەشکرەکەی لە دەربەندی بازیان خۆیان قایمکردبوو. لە کۆتایی مانگی پێنجەمدا ئینگلیزەکان ویستیان، کاروانێکی چەک و خواردەمەنیی لە کەرکووکەوە فریای گەمارۆدراوەکانی چەمچەماڵ خەن بەڵام هێزەکانی کورد تەفر و تاڵانیان کرد.

هێزی دووهەم لە ناوچەی "قەرەهەنجیر" لەلایەن هێزەکانی مەحموودخانی دزڵیییەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ گەمارۆ دران. دوای ئەوەی بەرگرییان کرد. خراپ تێکشکان، ئینگلیزییەکان بە تەواویی ترسیان لێنیشت لەوەی شۆڕشەکە بەرفروانتر بێ و هەموو سەرۆک هۆزەکانی کورد بەشداریی تێدا بکەن. لەبەر ئەوە فرمانیان بۆ "ژەنەڕاڵ ساندەرس" دەرکرد، بۆ ئەوەی بە سوپاکەیەوە بە وردیی چاودێریی ڕێگەکانی نێوان هەولێر و ئاڵتوونکوپریی تا کەرکووک و چەمچەماڵ بکا. سوپایەکی گەوررە و چەکداریان بە فەرماندەیی "ژەنەڕاڵ فرایزەر" ئامادە کرد. ئەم سوپا مەزنە لە شاری "مووسڵ" ەوە هاتبوو. لە 17 یا 18 /6/1919 دا خۆیان ئامادەکرد، تا بەرەو دەربەندی بازیان بەڕێکەون.

"دەربەندی بازیان" بە یەکێ لە دەربەندە سەختەکانی کوردستان دەژمێردرێ. لەو کاتەدا تەنیا ڕێگەیەک هەبووبێ ئینگلیزییەکان پێیدا تێپەڕبن و بەرەو شاری سولەیمانیی بڕۆن، ئەو دەربەندە بوو.شێخ و هێزەکەی لە دەمی دەربەندەکەدا چاوەڕێی سوپای ئینگلیزیان دەکرد. بەڵام بە ڕابەریی و چاوساغیی یەکێ لە بەگزادەکانی هەمەوەند – موشیری حەمەی سولەیمان- کە پێشتر کەمێ لە شێخ زویر بووبوو بەشێکی لەشکرەکەی ئینگلیزی بە ڕێگەیەکی دیکەدا برد و پشتییان لە هێزەکانی شێخ گرت. بەشەکەی دیکەی سوپاکەش بەرەو دەربەندەکە کشان.

پاشان لە 18/ 6دا سوپای ئینگلیز بە تۆپ و شەستیر، هێزەکانی شێخیان داگرتەوە. بەو شێوە شێخ و هیزەکانی لە نێوان دوو ئاگردا مانەوە. پێش و پاشیان لێگیرابوو. ئەو سوپایەی موشیر چاوساغییکردن هەموویان لە سیک، گوورگە، کاجینسی مەغۆلیی پێکهاتبوون و هەموو جۆرە ڕەنگێکی تێدابوو. شێخ و هیزەکەی، شەڕێکی دەسەویەخەی قارەمانانەیان کرد. کوشتارێکی زۆر، لە هەر دوو لا کرا. زۆربەی هێزەکانی شێخ گیران، خۆشی بریندار کرا و لە پاڵ تاشەبەردێکی گەورەدا خۆی شاردەوە. ئینگلیزەکان بە هۆی موشیرەوە ناسییانەوە. بە برینداریی گرتیان و بەرەوە بەغدا ڕەوانەیانکرد.

ئیدی دوای ئەوەی هێزەکانی کورد تێکشکا، سوپاکەی ژەنەڕاڵ فرایزەر بەرەو سولەیمانیی کشان و بێ تەقە گرتیان. هەمو ئینگلیزە بەدیلگیراوەکانیش بەرەڵاکرد.

ل.89 تا 91

هەڵبەتە، کاتێ شۆڕشگێڕەکانی کورد، لە شەڕەکەی تاسڵوجەدا بە سەر ئینگلیزەکاندا سەرکەوتوون ئیدی وایانزانیوە هێزەکانی ئینگلیز لە کوردستاندا تەواو بوون، کوردستان یان ئازاد کردووە و دەوڵەتی کوردیی خۆیان دامەزراندووە. لەوە دەچێ تووشی لووتبەرزیی و لەخۆباییبوون بوبن.

وایانزانیوە هەموو جارێ دەتوانن سوپاکەی ئینگلیز بە لەشکرێکی کەمی تیرە و هۆزەکانیی کوردن بشکێنن، حسێبی دەوڵەتێکی گەورەی خاوەن توانایان بۆ ئینگلیزەکان نەکردووە. نەیانزانیوە ئینگلیزەکان لە ماوەیەکی کەمدا دەتوانن سوپایەکی گەلێ لەوە گەورەتر کۆکەنەوە، چەکی پتر و قورستر بەکار بێنن، کۆمەڵێ توڵە و تانجی زۆڵەکوردی وەک موشیریش بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان و دژی ئامانجەکانی گەڵی کورد ڕستکەن!

دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی تاسڵوجە شێخ دەبوایە بیری لە شەڕی دەسەویەخە نەکردایەتەوە، پەلاماری سوپایەکی ڕێک و پێکی مەشقپێکراوی خاوەن توانای پڕچەکی وەک ئینگلیز نەدایە تا لە شەڕی دەربەندی بازیاندا ئەو زیانە گەورەیە بە شۆڕشەکە بگەیەنن، ئەو هەموو بریندار و کوژراوە بدەن و ژمارەیەکی زۆریش بە دیل بگیرێ.

هەر چەندە بە هۆی ئەو شۆڕشەوە هێندێ شتی گرینگ بۆ شێخ ڕوون بۆوە. لە لایەکەوە پێوەندییەکەی نێوان خۆی و ئینگلیز، زیانی کورد و قازانجی تورکەکان تەواوبوو. لە لایەکی دیکەشەوە سەرکەوتنە کاتییەکانی شێخ لە هەر دوو شەڕی تاسڵوجە و دەربەندی بازیاندا لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەنگی دایەوە. شێخ لەلای کۆمەڵانی خەڵک پتر ناسرا، خۆشەویستیی و ڕێزی زیادیکرد. کارێکی یەکجار گەورەی لە هەست و و هۆشی نەتەوەیی گەلی کورد کرد. تووڕەیی و بێزاریی بەرانبەر بە ئینگلیزەکان لە دڵ و دەروونی خەڵکیدا پتر تەشەنەیکرد. شۆڕشی یەکەم گەر لە ژیانی شێخ و مێژووی خەباتی گەلی باشووری کوردستاندا بە سەرەتایەکی گرنگ و وەرچەرخانێکی مێژوویی دانەنرێ، ئەوا بۆ شۆڕشی دووهەمی شێخ و زنجیرە شۆڕشەکانی دیکەی گەلی کورد بە بنچینەیەکی سەرەکیی دەژمێردرێ. ل.92

سەرچاوە:

شەکرە شارەکەم، سولەیمانی

نووسینی د.حوسین محەممەد عەزیز، سولەیمانی: شارەوانیی سولەیمانیی،2003

درۆیه‌کی پیرۆز...
ما را در سایت درۆیه‌کی پیرۆز دنبال می کنید

برچسب : نویسنده : hozhan بازدید : 173 تاريخ : يکشنبه 9 بهمن 1401 ساعت: 4:26